دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵای پارێزگاری نەینەوای دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە رەتکردەوە
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، سکاڵای پارێزگاری نەینەوای دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە لەبارەى گۆڕانکارییە ئیدارییەکان رەتکردەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڵاویکردووەتەوە، دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، هیچ پێشێلکارییەک لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نییە و تانەکەی پارێزگارى دژی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان رەتکردووەتەوە.
رۆژی 2ـی تەمموزی 2024دا ئەنجوومەنی پاریزگای نەینەوا، گۆڕانکاریی لە پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگاکەدا کرد، ئەمەش ناڕەزایەتیی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێک لە سوننەکانی لێکەوتەوە.
پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رەتکردنەوەی تانەی تۆمارکراو دژی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان، پێویستە پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرە نوێیەکان دەربکات، کە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە متمانەیان پێدراوە.
