دادگای فیدراڵی راگەیەنراوێکی نوێی لەسەر مووچەی هەرێم بڵاو کردەوە
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە مووچە وەربگرن. دەشڵێت، "ئەو پارەیەی هەرێم وەک قەرز وەریگرتووە نەیداوە بە مووچەی فەرمانبەران". بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیش، هەمان پڕۆژەکەی نەوەی نوێیە بۆ دابەشکردنی مووچەی هەرێم لە رێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای فیدراڵی عێراق وردەکاری بڕیارەکەی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە هەژماری تایبەتی وەزارەتەکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە پشتبەستن بە مادەی ١٤ـی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ـی عێراق، دەبێت مووچەخۆرانی هەرێمیش هاوشێوەی عێراق مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا وەربگرن و نابێت جیاکاری بکرێت لە نێوان مووچەخۆرانی هەرێم و عێراق بۆ پێدانی مووچە.
باس لەوەش کراوە، بە پشتبەستن بە مادەی ٢٢ تا ٣٦ـی دەستووری عێراق، نابێت بە هیچ جۆرێک فەرمانبەر مووچەکەی دوا بکەوێت، بە پێچەوانەوە لایەنی پەیوەندیدار بەرپرسیار دەبێت. دەشڵێت "هەرێم پێشێلکاری لە مادەکانی ٣٦،٢٢،١٦،١٤ـی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ ئەنجامداوە و چەندین مانگە مافی مووچەخۆرانی نەداوە".
ئەوەش خراوەتە روو، دەبێت بە زووترین کات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکرێت و هیچ دەسەڵاتێک بۆى نییە مافە دەستورییەکانى هاوڵاتییان پێشێل بکات و خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دژی دەستور و یاسایە.
ئەوەش هاتووە، دەبێت حکومەتی عێراق و هەرێم گرفتەکانی بەردەم مووچە چارەسەربکەن و فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێم مانگانە لە کاتى خۆیدا مووچەیان پێنەدراوە.
