دادگای ورمێ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان سزای لەسێدارەدان بۆ هاوڵاتییەکی باکووری کوردستان دەسەپێنێت
دادگای ئیسلامی ورمێ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان سزای لەسێدارەدان بەسەر هاووڵاتییەکی کوردی باکووری کوردستان سەپاند بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئەمەش لەکاتێکدا کە پێشتر سزای لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشێنرابووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، حاتەم ئۆزدەمیر زیندانی سیاسی کورد کە هاووڵاتیی تورکیایە، لەلایەن لقی سێی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفزادە، بە تۆمەتی "موحاربە" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
لە هەواڵەکەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستاندا ئاماژە بەوەکراوە، ئۆزدەمیر پێشتریش لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ورمێ بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام سزاکەی ناوبراو لە مانگی سێی ساڵی 2023دا لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشێنرابووە.
بەپێی سەرچاوەکان، ئۆزدەمیر مانگی حەوتی ساڵی 2014 لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەونە بۆسەی هێزەکانی سوپای پاسداران و بەهۆی لێدانی هاوەنێکی هێزەکانی ئێران، ئۆزدەمیر بێهۆش بووە و لە ئەنجامدا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکراوە و پاش لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدانی بۆ ماوەیەکی زۆر لە زیندانی هێزەکانی ئاسایشی ئێران گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندی شاری ورمێ.
حاتەم ئۆزدەمیر لە مانگی سێی ساڵی 2022 دوای 33 مانگ لە دەستبەسەرکردنی و لە کاتێکدا لە مافی هەبوونی پارێزەری خۆی بێبەش بووە، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی شاری خۆیی بە تۆمەتی "بەغی" و "ئەندامبوونی لە پەکەکە"دا، سزای لە سێدارەدان و 5 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام دوای تانەدان لە بڕیارەکەی سزاکەی ناوبراو لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشێنرابووە و دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر، ڕەوانەی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ورمێ کرابووە کە ئەو دادگایە جارێکیتر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە و سزاکەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024 بەو زیندانییە کوردە راگەیەندرا.
بەپێی زانیارییەکان، حاتەم ئۆزدەمیر چەندین ساڵە نەخۆشی گورچیلەی هەیە و ئاژانسی هرانا لەمبارەیەوە نووسیوێتی "سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارودۆخی ئازدەمیر بە هرانای ڕاگەیاندووە "حاتەم ئۆزدەمیر بەدەست کێشەی گورچیلەیەوە دەناڵێنێت و سەرەڕای پێویستی ئەو زیندانییە بۆ چارەسەری پزیشکی تایبەتمەند و ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە، بەرپرسانی تەندروستی زیندان تەنها دەرمانی ئازاریان پێداوە و ڕێگەیان نەداوە چارەسەری وەربگرێت".
