دارایی هەرێم: لەبیركردنی ناوی دو بانکی حكومی لە لیستی موچەدا هیچ بنەمایەکی نییە
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم ڕایگەیاند، لەبیركردنی ناوی دو بانکی حكومی لە لیستی موچەدا هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ مانگی (نیسان/4) هاوشێوەی مانگەکانی پێشو تەنها داوای یەک موچە بۆ فەرمانبەرانی بانکەکان کراوە، دەشڵێت، "بەپێی یاساساڵانە هەر فەرمانبەرێکی بانک لە عێراق و هەرێمی کوردستان 15 موچە وەردەگرن کە سێ موچەیان زێدەکییە".
بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابوری ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چەند پەیج و میدیایەک هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە ئاماژەیان بەوەکردوە وەزارەتی دارایی عێراق چەند تێبینییەکی لەسەر لیستی موچەی مانگی (نیسان/4)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەبوە، یەکێک لە تێبینییەکان لەسەر موچەی بانکە حکومییەکان بوە بۆ مانگی (نیسان/4) کە گوایە داوای دو موچە بۆ بانکەکان کراوە و لەناو لیستەکاندا ناوی دو بانک لە بیر کراوە و دواتر چارەسەر کراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بە پێویستمان زانی بۆ هەمو لایەکی ڕون بکەینەوە ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ مانگی (نیسان/4) هاوشێوەی مانگەکانی پێشو تەنها داوای یەک موچە بۆ فەرمانبەرانی بانکەکان کراوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە لیستی موچەکانیان نەکراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، داواکردنی دو موچە بەپێی یاسا بۆ فەرمانبەری بانکەکان بۆ مانگەکانی (نیسان/4) و (ئاب/8) و (کانونی یەکەم/12) ئاساییە و ساڵانە هەر فەرمانبەرێکی بانک لە عێراق و هەرێمی کوردستان 15 موچە وەردەگرن کە سێ موچەیان زێدەکییە.
