داواكاريیەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕێبەری باڵای ئێران چی بوون لە کاتی سەردانەکەی بۆ تاران؟
داواكاريیەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران چی بوون، لە کاتی سەردانەکەی بۆ تاران؟
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەرلەمانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە یەکێک لە هۆکارە دیارەکانی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، مەحەممەد شەیاع سودانی بۆ تارانی پایتەختی ئێران و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێبەری باڵای ئێران عەلی خامنەیی ئاشکرا کرد.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی هەواڵی «موتەڵع»ـی وت: "سەرۆک وەزیران مەحەممەد شەیاع سودانی سەردانی تارانی کرد چەند کاتژمێرێک پاش ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلێنکن سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد و لەوێ لەگەڵ ڕێبەری باڵا عەلی خامنەیی کۆبووەوە و داوای لە خامنەیی و سەرکردەکانی ئێرانی کرد یارمەتی بدەن لە ڕاگرتنی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراقی بۆ سەر سەربازگەکانی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق".
سەرچاوەکە وتیشی: "ترسێک هەیە لەنێو حکومەتی عێراقدا کە ئەم هێرشانە لەوانەیە ببنە هۆی زیادبوونی مەترسیدار بۆ سەر وڵاتەکە کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری".
ڕوونیکردەوەش کە "بەردەوامبوونی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەلایەن ئەو گروپانەوە دەرئەنجامی دیکەی دەبێت کە لەوانەیە وا لە ئەمەریکاییەکان بکات وەڵامی ئەم هێرشانە بدەنەوە".
ئاژانسی هەواڵی موتەڵع لە سەرچاوەیەکی باڵای سیاسییەوە بۆی دەرکەوت کە بلێنکن لە میانەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سودانی ئاگاداری کردووە سەبارەت بە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و ژمارەیەک لە نێردە دیپلۆماسییە ڕۆژئاوایی و تەنانەت عەرەبییەکان لە حاڵەتی بەردەوامبوونی ئەو هێرشانە بۆ سەر هێزە سەربازییەکانی لە ناو عێراق.
