دروشمی سوتاندنی قورئان لە تویتەر لە ڕیزبەندی یەکەم بوو لەسەر ئاستی عێراق
ئەمڕۆ هەینی، هاشتاگی "سوتاندنی قورئان" لە تویتەر لە ڕیزبەندی یەکەم بوو لە ئاستی عێراق، دوای بڕیاری حکومەتی عێراق بە بڕینی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ سوید وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ دووبارەکردنەوەی سوتاندنی قورئانی پیرۆز.
چالاکوانان "4637" تویتیان بڵاوکردەوە کە تیایدا هاشتاگی سوتاندنی قورئانیان تێدابوو، کە سەرکۆنەی ڕووداوەکەی سوتاندنی قورئانی پیرۆز دەکەن کە لەلایەن هاوڵاتییەکی عێراقییەوە نیشتەجێ سوید ئەنجامدرا.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، حکومەتی عێراق بڕیاریدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوید ببڕێت و ئەو بەرپرسانەی بە کاروباری عێراق لە ستۆکهۆڵم ڕاسپاردراون بکشێنێتەوە وەک ناڕەزاییەک دژی سوتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق.
بەم هۆیەوە، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق "هیام یاسری" ڕۆژی پێنجشەممە فەرمانی قەدەغەکردنی مامەڵەکردنی وەزارەت لەگەڵ هەموو کۆمپانیاکانی سوید کرد.
سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و سوتاندیان وەک ناڕەزایی دژی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید.
