دوای نۆ ساڵ لە کەمپی هۆڵ یەپەگە کچێکی ئێزیدی دەگەڕێنێتەوە شەنگال
دوای نۆ ساڵ لە کەمپی هۆڵ، یەپەگە کچێکی ئێزیدی دەگەڕێنێتەوە شەنگال.
یەکینەکانی پاراستنی ئافرەتی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کچێکی ئێزیدی ڕادەستی خانەوادەی دەکەن لە شەنگال، ئەمەش لەدوای نۆ ساڵ لە ڕفاندنی لەلایەن چەکدارانی داعش.
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ئافرەت (یەپەگە) لە بەیاننامەیەکدا لە ڕۆژی (19ـی ئەیلولی 2023) ڕایگەیاند، کە فریال خدر لە ساڵی 2014 لە شەنگال ڕفێندرابوو لە تەمەنی 12 ساڵیدا لەلایەن چەکدارانی داعش، لەلایەن هێزەکانمانەوە لە کەمپی هۆڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕزگارکرا.
فریال خدر کە ئێستا تەمەنی 21 ساڵە لەدوای ڕزگارکردنی ئاشکرای کرد، کە پێنج جار فرۆشراوە لە کاتی دەستگیرکردنی لەلایەن داعشەوە، هەروەها لەو ماوەیەدا بە شێوەیەکی سەرەکی لە پارێزگاکانی دێرەزۆر و ئیدلب دەژیا.
فریال ئاشکرای کرد، کە لە تەمەنی 15 ساڵیدا منداڵێکی بوو، بەڵام بەهۆی هێرشێکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە کاتی ڕزگارکردنی شاری ڕەقە گیانی لەدەستدا.
یەپەگە لەدوای ڕادەستکردنی فریال بۆ خانەوادەی ڕایگەیاند، "هەوڵ و تێکۆشانی ئێمە بەردەوامە بۆ ئازادکردنی ژنانی ئێزیدی و بەڵێنەکەمان نوێ دەکەینەوە بە ڕزگارکردنی هەموو ژنێک لە دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش".
