دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی تەقەی پاسەوانی سنوور کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدا
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کوژرانی کۆڵبەرێکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند و لە دەقی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە دەستەیەک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووریی"هەنگەژاڵ"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی 27 ساڵان بە ناوی وریا شەریفی گیانی لە دەست داوە".
دەوترێت لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت تەقە لە سەری ئەم کۆڵبەرە کراوە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووەش، "تەرمی وریا شەریفی براوەتە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی لە شاری بانە و تا ئەم ساتە رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە" .
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی ڕابردوودا، لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوودی و کرماشان، دوو کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و جەڵدەی دڵ گیانیان لە دەست داوە، هەروەها 16 کۆڵبەریش بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و داکەوتن لە بەرزاییەوە بریندار یان تووشی زەبری قورس بوون.
