دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم..مامۆستایانی ناڕازی بایکۆتیان شکاند
مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاند، دوای ئەوەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەڵێنیاندا لە دوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجە پلەبەرزکردنەوە و بەگرێبەستکردنی وانەبێژان دەستپێبکاتەوە، مامۆستایانی ناڕازیش بڕیاریان داوە لەبەر نەفەوتانی ساڵێکی خوێندن بایکۆت بشکێنن.
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویانکردەوە، پاش کۆبونەوەی بەشێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت، ناوبراو هەر لە کۆبونەوەکەدا، بڕیاریدا پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان بەپێی ساڵانی خزمەت، بخرێتە بواری جێبەجێبەجێکردن، هەروەها مامۆستایانی وانەبێژ بە قۆناغبەندی بکرێنە گرێبەست.
ئاماژە بەوەشکراوە، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەلێنی دا داواکارییەکانی دیکەی مامۆستایان جێبەجێ بکرێت و بەردەوام لەسەر هێل بن و هەمو هەوڵێکی خۆیان بخەنە گەڕ.
ئەوەشخراوەتەڕو، ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازی، لەژێر ڕۆشنایی ئەو بڕیار و بەڵێنانەی جێگری سەرۆکی حکومەت، وەک دەرفەتێکی تر بە دەسەڵات و نەفەوتانی ساڵێکی خوێندن، بڕیارماندا بە هەڵپەساردنی بایکۆت، لە ئەگەر جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانیش، بەگوڕوتینی نوێوە دێینەوە مەیدانەکە
