دژە تیرۆری عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی سەرکردەیەکی داعشیان لە سوریا کوشت
دەزگای دژە تیرۆری عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژى داعش، سەرکردەیەکی داعشیان لە سوریا کوشتوە، کە رۆڵی لە تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان هەبوە.
دەزگای دژە تیرۆری عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێكدا وتی، سەرکردەکەی داعش سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە سوریا کوژراوە.
كوژراوەكە ناوی عومەر عەبدولقادر بەسام و بە "عەبدولڕەحمان حەلەبی" ناسراوە، بەپێى دژە تیرۆری عێراق یەکێک بوە لە سەرکردە دیارەکانی داعش.
دژە تیرۆری عێراق رایگەیاندوە، "عەبدولڕەحمان حەلەبی بەرپرسی ئۆپەراسیۆن و ئاسایشی دەرەوەی رێکخراوی داعش بوە، هەروەها بەرپرس، پلاندانەر و سەرپەرشتیاری ویلایەتە دورەدەستەکانی ئەو رێکخراوە بوە و راستەوخۆ دەستی هەبوە لە تەقینەوەکانى بەردەم باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لوبنان و هەوڵدان بۆ چەند هێرشێک لە ئەوروپا و ئەمریکا."
دژە تیرۆری عێراق رایگەیاندوە، ماوەی مانگێک ئامادەکاری کراوە و تاوەکو شوێنی سەرکردەکەی داعش دەستنیشان کراوە، دواتر لە رێگەی بۆردومانێکی هاوپەیمانانەوە کوژراوە.
