دژەتیرۆر دەستگیرکردنی تیرۆرستێکی لە سنوری گەرمیان راگەیاند
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر، رایگەیاند کە "تیرۆرستی داواكراوی" لە سنوری گەرمیان دەستگیرکردووە، كە لەسەرەتای کارو چالاکییەکانی داعشەوە پەیوەندی بەو ڕێکخراوە کردوە و لە چەندین پێگەی ئیداری و سەربازیی کاریکردوە.
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "پاڵپشت بە زانیاری هەواڵگری ورد و دروست، هێزەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سنوری گەرمیان توانیان تیرۆرستێک دەستگیربکەن".
ئاماژەی بەوەشكرد، "تیرۆرستی دەستگیرکراو لەسەرەتای کارو چالاکییەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش) پەیوەندی بەو ڕێکخراوە کردووە و لە چەندین پێگەی ئیداری و سەربازیی کاریکردوە".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، داواكراوەكە لەگەڵ براکانیدا دەستیان هەبوە لە کوشتنی چەندین کەس و لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە بە پێی ماددەی 4ـی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر داواکراوبوە. پاش دەستگیرکردنی، ڕادەستی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق کرایەوە بە مەبەستی سزادانی.
