دژەتیرۆر و هاوپەیمانان ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەش ئەنجامدەدەن
بەڕێوبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر (CTG) ڕایگەیاند، لە ئۆپەڕاسیۆنێكی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عێراق (ICTS) و هێزەکانی هاوپەیمانان توانرا ژمارەیەک تیرۆرستی داواکراو دەستگیر بکەن كە پێشتر شەڕکەر بون و لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک خۆیان حەشارداوە و ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە دابینکردنی پێداویستی.
بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر، ئەمشەو لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هەواڵگری و سەربازیدا، هێزەکانیان، دەزگای دژەتیرۆری عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان توانرا ژمارەیەک تیرۆرستی داواکراو دەستگیر بکەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان پێشتر شەڕکەر بون لە دیوانی جوندی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و دوای ڕوخانی ئەوەی ناودەبرا بە دەوڵەتی ئیسلامی، لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک خۆیان حەشارداوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "تیرۆرستەکان لە ئێستادا ڕۆڵی سەرەکییان هەبوە لە دابینکردنی پێداویستی و کەرەستەی لۆجستی بۆ تۆڕ و شانە نوستو و چالاکەکانی داعش لە سنوری کەرکوک".
ئەوەشی خستەڕو، هێزە ئەمنییەکان توانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی وردی هەواڵگری و بێ زیاندا تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن و ڕادەستی دادگای تایبەتمەندیان بکەن بۆ لێپێچینەوەی یاسایی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە نیشانەی هەماهەنگی و هاوکاریی بەردەوامی نێوان هێزە ئەمنییەکانە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر.
