دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ کە تەرمی منداڵان و ژنانی کورد لەخۆدەگرێت کاروانی خوێنڕشتنی بەعس بەدیاردەخات
دوای دۆزینەوە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە بیابانی پارێزگای سەماوا لە باشووری عێراق، کە دەگەڕێتەوە بۆ قوربانییانی کورد لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعس، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شەیاع سودانی پەیامێکی لەوباریەوە بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە، "سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێک بەسەر نەمانی دڕندەیی ڕژێمی بەعس و ستەمکاری لەسەر سینەی عێراقییەکان، بەڵام بەڵگەکانی تاوانە دڕندەکانی ڕژێمی پێشوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئاشکرا دەبن و قەبارەی ئەو دڕندەییە دەگێڕنەوە، کە گەلەکەمان لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا بەسەریدا هاتووە".
سودانی دەشڵێت: دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێ کە پاشماوەی بێگەردی تەرمی منداڵان و ژنانی گەلی کوردمان لەخۆدەگرێت، لە بیابانەکانی سەماوا، کاروانی خوێنڕشتن و خەبات و نەهامەتی و بێسەروشوێنبوون-ـمان بەبیر دەهێنێتەوە، کە تێیدا گەلەکەمان لە ژێر دڕندەیی ڕژێمی ڕەگەزپەرستدا ئازار و مەینەتی دەچەشت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ یەکشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، گۆڕێکی بەکۆمەڵ کە ڕوفاتی ژن و منداڵی کوردی تێدایە لە بیابانی سەماوا لە باشووری عێراق دۆزرایەوە، کە گشتیان لە قوربانیانی ڕژێمی بەعسی پێشووی عێراقن.
گۆڕە بە کۆمەڵەکە، کە لەئێستادا دۆزرایەوە ڕووفاتەکانیان دەرهێنرا بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خێزانی سەرۆک کۆماری عێراق.
