دیدارێکی ستراتیژی ئێران و عێراق لە جددە بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان
فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران وەزیری دەرەوەو،عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تاران و ئەگەری گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەمریکایان تاوتوێکرد.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوە، کەدەستی موتەڵع کەوتووە تێیدا هاتووە: "فوئاد حسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری کاروباری دەرەوە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی، کە لە شاری جددە لە شانشینی سعودیە بەڕێوەچوو، لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر قووڵایی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئێران و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست کرایەوە".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، عێراقچی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی لە دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی زیارەتی ئەربەعین بەرز نرخاند و "سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو میواندارییە بەخشندەیە و پێشوازی گەرمی لەزیارەتکارانی ئێرانی دەربڕی".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە ئەگەری گەڕانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا کرد، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پشتیوانی لە وتووێژی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و پتەوکردنی سەقامگیری".

