دەزگاکانی هەواڵی ئێران.. سەرۆکی وڵات گەیشتە مۆسکۆ
ئەمڕۆ هەینی دەزگاکانی هەواڵی ئێران رایگەیاند" مەسعود بەزشکیان " سەرۆکی ئێران،بە ئامانجی فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی هاوبەشی ستراتیژی گشتگیر لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕوسیای فیدراڵ ، گەیشتە مۆسکۆ.
ئاژانسی هەواڵی مێهر ڕایگەیاند: کە سەرۆکی ئێران لە ڕێگەی فڕۆکەیەکەوە گەیشتە مۆسکۆ،لە پێشوازیکردنی پزشکیاندا وەزیری وزەی ڕوسیا "سێرگی سیڤلییێڤ " و سەرۆکی لیژنەی هاوکاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا "ئەندرێی ڕۆدینکۆ" و باڵیۆزی ئێران "کازم جەلالی " و چەند بەرپرسێکی دیکەی ڕوسی ئامادەبوون.
ئاماژەی بەوەشداوە کە بڕیارە سەرۆکی ئێران لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ ڕوسیا ڕێککەوتننامەیەکی هاوکاری گشتگیر لە نێوان هەردوو وڵات بۆ ماوەی 20 ساڵ واژۆ بکات.
ئاژانسەکە ڕوونیشیکردۆتەوە : کە ڕێککەوتننامەکە زیاتر لە 30 تەوەر لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و گواستنەوە و ڕێڕەوەکانی ترانزێت و دراو و بانک و وەبەرهێنان و زانست و نەوت و گاز و چەندانی دیکە لەخۆدەگرێت.
