دەزگای خێرخوازیی بارزانی پیرۆزبایی لەد. بەرهەم ساڵح دەکات
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە گەرمی پیرۆزبایی لە د. بەرهەم ساڵح دەكات، بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەکو کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەران و بە شایستەی ئەو بەرپرسیارێتییەی دەزانێت، هەروەها ئومێدەوارە لە داهاتودا، هاوکار و پشتیوان بێت بۆ باشترکردنی رەوش و گوزەرانی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویكردەوە، بە ناوی دەزگاكەوە، بە گەرمی پیرۆزبایی لە د. بەرهەم ساڵح دەکەین، بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەکو کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەران لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە و بە کەسێکی شایستە بۆ ئەو بەرپرسیارێتییە دەزانین.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کە ئەندامی ئەنجومەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکگرتوەکانین (ECOSOC)، بە گرنگییەوە دەڕوانینە ئەو هەنگاوە و ئومێدەوارین لە داهاتو، هاوکار و پشتیوان بێت بۆ باشترکردنی رەوش و گوزەرانی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، بەتایبەتیش کە ئێستا هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ پەنابەران کەمیکردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لەکاتێکدا بە گەرمی پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح دەکەین، وەبیر هەمو لایەک دەهێنینەوە، تا ئێستاش نزیکەی 700 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین، کە پتر لە 280 هەزاریان پەنابەرن، ئەوەش ئەرکی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستانی قورستر کردوە، ئومێدەوارین بتوانین لە پێناو باشترکردنی رەوشی پەنابەران بە یەکەوە کار بکەین، بەتایبەتیش بەڕێزیان لە رابردو سەرۆک کۆماری عێراق بوە و تێگەیشتنی بۆ گرفت و نەهامەتییەکانی پەنابەران هەیە.
