دەزگای هەواڵگری نیشتمانی سەبارەت بە "بەرکەوتنی نزیکی عێراق بە هێرشە سەربازییەکان" ڕوونکردنەوە دەدات
دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق، پێگەیشتنی دوو نامەی ئاگادارکردنەوەی بۆ حکومەت لە لایەن وڵاتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگری ڕۆژئاواییەوە ڕەتکردەوە، کە گوایە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی هێرشی سەربازی بووبێت بۆ سەر عێراق.
دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق لە راگهیندراوێكدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "ڕۆژنامەی (شەرقولئەوست) لە ڕێکەوتی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە حکومەتی عێراق دوو نامەی ئاگادارکردنەوەی لە وڵاتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگری ڕۆژئاواییەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی عێراق لە بەرەوڕووبوونەوەی گورزی سەربازی"، ئاماژەی بەوەش کرد: "لە کاتێکدا ئێمە ڕاستی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ناوبراو بە سەرجەم وردەکارییەکانیەوە ڕەت دەکەینەوە، جەخت دەکەینەوە کە حکومەتی عێراق هیچ نامەیەکی لەو جۆرەی پێ نەگەیشتووە."
دەزگای هەواڵگری داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد "وردبین بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە بابەتانەی کە پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتی عێراقەوە هەیە."
