دەستپاکی : گەندەڵی لە تاوانە سنوور بەزێنەکانە و پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە بۆ سنووردارکردنی
ئەمڕۆ هەینی"محەمەد عەلی لامی"سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی،لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان میکانیزمی هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی تاوتوێکرد.
دەستەی دەستپاکی لە ڕاگەیەنراوێکدا، تیایدا هاتووە : کە "محەمەد عەلی لامی" سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لەگەڵ "غولام محەمەد ئیسحاق زی" جێگری نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، میکانیزمی هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی تاوتوێکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە"محەمەد عەلی لامی " سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە کۆبوونەوەکەدا،وتی : گەندەڵی لە تاوانە سنوور بەزێنەکانە و پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە بۆ سنووردارکردنی.
لە لایەن خۆیەوە"غولام محەمەد ئیسحاق زی" جێگری نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان،ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ لابردنی ئەو بەربەستانەی کە ڕێگرن لە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق.
