دەستەى تەحریر شام نیوەى شاری حەلەب گرتووە و سوپای سووریا لە شارەکە کشاوەتەوە
ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریا دەڵێت، هێزەکانیان ڕۆژی هەینی دەستیان بەسەر کۆلێژی سەربازی و کۆلێژی تۆپخانە لە گەڕەکی زەهرا لە شاری حەلەب گرتووە، پاش ئەوەی دەستیان بەسەر تەواوی گوندەکانی ڕۆژئاوای شاری حەلەبدا لە باکووری سووریا گرت و هەروەها دەستیان بەسەر شاری سەراقب دا گرت کە لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگە لە دوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ هێزەکانی ڕژێمی سوریا و هاوپەیمانەکانیان.
ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەڵێت: هێزەکانیان دەستیان بەسەر بارەگای پۆلیس لە حەلەب و بینای پارێزگا و کۆشکی شارەوانی و گۆڕەپانی سەرەکی ناوەڕاستی شار و 14 گەڕەکی نیشتەجێبوون لە ڕۆژئاوا و باشوور و ناوەڕاستی شارەکە گرتووە.
ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت ڕایگەیاند، "قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە شاری حەلەب تا بەیانی ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان"، دەشڵێن، "لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا حەلەب لە ڕووی سەربازی و ئەمنی پارێزراو دەبێت و دواتر شارەکە بەتەواوی لەدەست ڕژێمی سووریا و بەشار ئەسەد ئازاد دەکرێت".
لەلایەکی ترەوە، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، فەرهاد شامی دوێنێ هەینی لە لێدوانێکیدا لەگەڵ کەناڵی ڕووناهی گوتوویەتی: بە چڕی چاودێری دۆخی حەلەب دەکەین، ئەم هێرشانە و توندوتیژیەی حەلەب لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت.
فەرهاد شامی لەبارەی هەڵوێستی هەسەدە لەو توندوتیژیانە وتی: ئەرکی ئێمە پاراستنی گەل و خاکەکەمانە و لەکاتی پێویستدا هەڵوێستمان دەبێت و وەڵام دەدەینەوە.
لەسەر ئەم ڕووداوانە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: پاراستنی سەقامگیری لە ئیدلب و ناوچە سنوورەکانمان، وەک ئەولەویەتێک بۆ تورکیا دەمێنێتەوە.
دواجار ئەمڕۆ شەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، روانگەی سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرایکرد، کە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت بە ڕێبەری گرووپی دەستەى تەحریر شام نیوەى حەلەبى گرتووە و سوپای سووریا لە شارەکە کشاوەتەوە.
