دەوڵەتی یاسا داوای هەموارکردنەوەی پێوەرەکانی مووچەی فەرمانبەران دەکات
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەبەر ئەو بارودۆخە ئابوورییە سەختەی کە رووبەڕووی فەرمانبەران دەبێتەوە داوای هەموارکردنەوەی پێوەرەکانی مووچە دەکات بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ فەرمانبەران.
عوسمان ئەلشەیبانی ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاندووە،لەبەر ئەو بارودۆخە ئابوورییە سەختەی کە رووبەڕووی فەرمانبەرانی عێراق دەبێتەوە لەگەڵ بەردەوامی جیاوازیی لە نێوان مووچەی فەرمانبەرانی ئاستی سەرەوە و خوارەوە، دووپاتیدەکەنەوە لە پێویستی خێراکردنی هەموارکردنەوەی یاسای پێوەرەکانی مووچە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان هاووڵاتییان و دەوڵەتدا.
باسی لەوەشکرد، داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەن کە پەلەبکات لە پێشکەشکردنی هەموارکردنەوەی یاساکە بۆ پەرلەمانی عێراق و دووبارە دواخستنی مەلەفی یاسایی بەڕوونی بەشداربووە لە پەکخستنی کاری ئاسایی ئەنجومەن و ئیفلیجکردنی توانای یاسادانان و بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە گرنگانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەیە.
دەشڵێت، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و لیژنە پەیوەندیدارەکانی دەکەن بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و رێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ مووچە لە عێراق.
