دەیان حاڵەتی گیان لەدەستدان و ژەهراویبوون لە ئێران کەوتەوە بەهۆی خواردنەوە کحولییەکان
میدیاکانی ئێران ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند زیاتر لە 10 کەس بەهۆی خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
میدیاکان ڕایانگەیاند 88 دانیشتووی شاری کەرەج لە ڕۆژئاوای تارانی پایتەخت ژەهراوی بوون دوای ئەوەی خواردنەوەی کحولیان بەکارهێناوە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شارەکە.
ئاماژە بەوەشکرا، 14 ئێرانی کە ژەهراوی بوون گیانیان لەدەستداوە و ڕووداوەکە شەوی ڕابردوو ڕوویداوە.
سەرۆکی زانکۆی ئەلبرز بۆ زانستە پزیشکیەکان ڕایگەیاند نزیکەی 40 لەوانە لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای ئەلبرز لەژێر چارەسەرکردندان و لەئێستادا دۆخی گشتی زۆربەیان باشە.
ڕوونیکردەوەش کە هەموو ئەوانەی تووشی ژەهراویبوون نیشانەکانی گەدە و ڕیخۆڵەیان و کەمی هەناسەدان و تێکچوونی بینین و سەرگێژبوونیان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەک لەو کەسانەی بەهۆی ژەهراویبوونەوە لە نەخۆشخانەکان دەرچوون دوای چارەسەر.
وتیشی، بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان وەک میثانۆل بووەتە هۆی ژەهراویبوونی ئەو کەسانە.
