راوێژكارێكی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی جوتیاران کەرکوک راسپێردرا
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران، راوێژكارێكی سه‌ربازی خۆی راسپارد، به‌مه‌به‌ستی كۆتاییهێنان به‌و كێشه و گرفتانه‌ی له‌نێوان جوتیارانی كورد و سوپای عێراق له سنوری پارێزگای كه‌ركوك دروستبون.
شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری دوه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه، "ئه‌مڕۆ دو روداو له‌كه‌ركوك رویاندا، یه‌كه‌میان گرژییه‌كانی سنوری سه‌رگه‌ران و به‌رده‌وامی رێگرییه‌كانی سوپا له‌جوتیاره كورده‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران قسه‌م كرد‌و دۆخی سنوره‌كه‌م له‌گه‌ڵ باسكرد و داوامكرد كۆتایی به‌و رێگریانه بهێنێت، به‌سوپاسه‌وه فه‌ریق عه‌بدولكه‌ریم سودانی راوێژكاری سه‌ربازی راسپارد بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌و كێشه‌و گرفتانه بهێنێت، دواتریش له‌گه‌ڵ له‌گه‌ل فه‌ریق عه‌بدولكه‌ریم قسه‌م كرد‌و به‌ڵینیدا به‌په‌له ده‌ستوه‌ردان بكات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "بابه‌تی دوه‌م ئه‌وه‌یه به‌داخه‌وه پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی كه‌ركوك درایه په‌رله‌مانتار وه‌سفی عاسی و كه‌سێك دانرا كه‌ته‌نانه‌ت وه‌سفی وه‌زیفیشی له‌گه‌ڵ پۆسته‌كه‌ی ناگونجێت، ئه‌مه له‌كاتێكدایه هه‌فته‌ی رابردو له‌گه‌ڵ كاك رێبوار قسه‌م كرد و به‌ڵێنیدا ئه‌و بابه‌ته رابگرێت و ته‌نانه‌ت وتی، ئه‌و كاندیده‌م ره‌تكردوه‌ته‌وه".
د. شاخه‌وان عه‌بدوڵا باسی له‌وه‌شكردوه،"له‌گه‌ڵ خالد شوانی قسه‌م كرد به‌هه‌مانشێوه به‌ڵێنیدا رێگه به‌و بابه‌ته نه‌ده‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه نازانم له‌ژێر چی فشارێك ئه‌مه‌یان كرد، له‌كاتێكدا زیانی گه‌وره به‌جوتیارانی ئێمه ده‌گه‌یه‌نێت به‌تایبه‌تی له‌كاتی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌یاسایی پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بریاره‌كانی به‌عسی له‌ناوچو".
