راگرتنی پارێزەرەکەی ژینا ئەمینی لە فڕۆکەخانەی تاران
لە کاتی گەڕانەوەی بۆ تاران، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە فڕۆکەخانە رێگرییان لە پارێزەری یاسایی خێزانی ژینا ئەمینی کرد و دەستیان بەسەر ئەو خەڵاتەدا گرت کە لە لایەن پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپاوە بە کچە کوردە کۆچکردووەکە درابوو.
بەگوێرەی دوو رێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی رابردوو، لەگەڵ گەڕانەوەی د. محەممەد ساڵح نیکبەخت لە فەرەنساوە بۆ تاران، دەست بەسەر موبایل و پاسپۆرتیشیدا گیراوە.
پارێزەرەکە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ چووبووە فەرەنسا.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، هێزە ئەمنییەکان لە فڕۆکەخانە بە د. نیکبەختیان گوتووە کە گەشتکردنی بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەخە کراوە.
دوای ئەوەی کە دامودەزگاکانی ئێران رێگەیان بە ماڵباتی ژینا ئەمینیی نەدا بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە سەردانی دەرەوەی وڵات بکەن، رۆژی 12ی کانوونی یەکەم، د. نیکبەخت بە نوێنەرایەتیی ئەوان لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا ئامادەبوو بۆ خوێندنەوەی پەیامی دایکی کچە کوردە سەقزییەکە و وەرگرتنی خەڵاتەکە.
