ریاڵ مەدرید پێکانی ڤاسکێزی راگەیاند
ریاڵ مەدرید پێکانی ڤاسکێزی راگەیاند و ئەو یاریزانە ماوەی سێ هەفتە لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.
یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لە راگەیەندراوێکدا کەلە پێگەی فەرمی خۆیان بڵاویانکردەوە، تووشبونی لوکاس ڤاسکێزی یاریزانی یانەکەیان بە پێکان ئاشکرا کرد.
یانەکە ئاماژەی بەوەداوە، پێکانەکەی ڤاسکێز لە ماسولکەکانی قاچی چەپیدایە و لە چەند رۆژی داهاتووشدا لەلایەن پزیشکەکانی یانەکەیانەوە پشکنینی زیاری بۆ ئەنجامدەدرێت.
هەرچەندە یانەی شاهانە باسی لە ماوەی دوورکەوتنەوەی ڤاسکێزی نەکردووە بەڵام رۆژنامەی ئاس دوپاتیکردەوە کە یاریزانە ئیسپانیەکە ماوەی سێ هەفتە لە یاریگاکان دادەبڕێت.
بەو هۆیەش ئەو یاریزانە کێشەیەکی تری بۆ ریاڵ مەدرید دروستکرد و ناتوانێت بەشداری یارییەکەی سێ شەممە بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتی بکات لە قۆناغی پلەی ئۆفی چامپیۆنز لیگدا.
یانەی ریاڵ مەدرید لە ئێستادا بەدەست پێکانی بەرگریکارانی یانەکەیەوە دەناڵێنێت و هەریەکە لە رۆدیگێر و میلیتاو و ئالابا و کارڤاخاڵ و ڤاسکێز پێکانیان هەیە و تەنها مێندی و ئەسێنسیۆ و فران گارسیا وەک بەرگریکار ماون لە ژێر دەستی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر.
