رەشید بۆ زیلینسکی: عێراق ئامادەییە بۆ کارکردن بۆ نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکانی نێوان ئۆکرانیا وروسیا
د.لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەوەی کە عێراق ئامادەییە بۆ کارکردن بۆ نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکانی نێوان ئۆکرانیا وروسیا،هاوکات ڤلادیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ستایشی هەڵوێستی بێلایەنی عێراقی کرد سەبارەت بە ململانێی ئۆکرانیا و ڕوسیا.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە بڵاویکردەوە"لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کارەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید لە کۆنگرەی داڤۆس لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلادیمیر زیلینسکی کۆبووەوە.
وتیشی لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک پرسی گرنگ لەسەر گۆڕەپانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی تاوتوێکران.
سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی عێراق کردەوە کە داوای ڕێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتان و پێویستی چارەسەرکردن و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان بە ڕێگای ئاشتیانە دەکات و ئاماژەی بە بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد و ڕوونیکردەوە کە لە ململانێ چەکدارییەکاندا هیچ براوەیەک نیە .
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشدا کە عێراق لەلایەنەکانی ململانێکە وەک یەک دوورە و جەختی له ئامادەیی عێراق کردەوه بۆ کارکردن بۆ نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکانی هەردوولا.
لە بەرامبەردا سەرۆکی ئۆکرانیا سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد بۆ هەڵوێستی بێلایەنی عێراق سەبارەت بە ململانێی ئۆکرانیا و ڕوسیا و جەختی لەسەر خواستی ئۆکرانیا کردەوە بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی پێویستی عێراق لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئۆکرانیا بەتایبەتی گەنم و دانەوێڵەی جۆ.
