زیاتر لە 110 پارچەی شوێنەوار لەبابل دۆزرانەوە
پۆلیسی بابل ڕایگەیاند، لە کردەیەکی هاوبەش لەگەڵ پشکنەرانی شوێنەواری بابل، لە شاری بۆرسیپا، 111پارچەی شوێنەوارییان لە باشووری پارێزگاکە دۆزیوەتەوە کە بەهۆی باران و ڕامالێنی زەوییەوە، دەرکەوتوون.
فەرماندەیی پۆلیسی بابل، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە "بەشی پۆلیسی پاراستنی شوێنەوار، بە هەماهەنگی لەگەڵ پشکنەرانی شوێنەوارەکانی بابل و مەفرەزەیەکی ئاسایشی نیشتمانیی لە بابل، هەڵمەتێکی ئەمنی هاوبەشیان لەناو شاری دێرینی بۆرسیپا کرد، لە ئەنجامدا 111 پارچە شوێنەواریان بە شێوە و قەبارەی جیاواز دۆزییەوە، کە دوای بارانی ئەم دواییە، دەرکەوتوون."
پۆلیسی پارێزگای بابل، جەختی لە گرنگیی دۆزینەوەی ئەو پارچە شوێنەوارانە کردەوە. هەڵمەتەکەش لە چوارچێوەی پاراستنی شوێنەوارەکان، لە هەڵکۆڵینی نایاسایی و بە قاچاخ بردنی، کراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو پارچە شوێنەوارییانەی دۆزراوانەتەوە، لەلایەن پسپۆڕانی پشکنینی شوێنەوارەکانی بابلەوە لێکۆڵینەوە و شیکارییان بۆ دەکرێت بۆ دیاریکردنی ناسنامە و مێژووییەکانیان.
