زیاتر لە بیست کەس بەهۆی بەرزبوونی پلەکانی گەرما لە وڵاتی مەغریب گیانیان لەدەستداوە
وەزارەتی تەندروستی مەغریب ڕایگەیاند، 12 کەس لە مەغریب گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و بەساڵاچووان.
بەڕێوبەرایەتی هەرێمی تەندروستی و پاراستنی کۆمەڵایەتی لە ناوچەی بەنی مەلال خەنیفرا لە وڵاتی مەغریب دووپاتی کردەوە کە "سەنتەری نەخۆشخانەی هەرێمی لە بەنی مەلال 21 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکردووە کە 4 کەسیان لە دەرەوەی دیواری نەخۆشخانەکان مردوون و 17 کەسیش لە نەخۆشخانە گیانیان سپاردووە، لە کاتێکدا زۆرینەی گیانلەدەستدانەکان لە نێو ئەو کەسانە بووە کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و بەساڵاچووان، چونکە بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرما بووەتە هۆی خراپبوونی باری تەندروستییان و هۆکاری مردنیان بووە".
بەڕێوبەرایەتی تەندروستی مەغریب دەڵێت: "پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی لەناکاو بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەرپرسانی پەیوەندیدار دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکارە راستەقینەکانی ئەم ڕووداوە"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "هەموو هاووڵاتیان ئاگادار کراونەتەوە کە ئاگادار بن و خۆیان لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر دوور بکەونەوە و لەکاتی پێویستدا ڕاوێژ بە خزمەتگوزاری تەندروستی بکەن".
