زیاتر لە پەنجا هاوڵاتی کورد دەستگیر کراون و کوژراون لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەم مانگەدا بەلایەنی کەم 58 هاوڵاتی کورد دەستگیر کراون و کوژراون لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هاتووە، "لەم مانگە و لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی (ژن ژیان ئازادی)دا، لانیکەم 85 هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و تاران، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون".
لە تەواوی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە کراوە کە" لەنێو دەستبەسەرکراوانی ئەم مانگەدا 2 کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردن دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون"، هەروەها چوار هاووڵاتی و منداڵێکی دەستبەسەرکراویش لەم ماوەیەدا ئازاد کراون، بەڵام ئەوانی دیکە هێشتا هەر دەستبەسەرن یاخود هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.
هەر لەم مانگە و لە درێژەی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا، ڕەزا بەبرنژاد و برای مێهدی بەبرنژاد، هەروەها حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، شەرمین حەبیبی، هاوژینی فەرەیدوون حەبیبی و ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە دوای چەند کاتژمێرێک دەستبەسەربوون ئازاد کراون بەڵام لەسەر چارەنووسی ئەو گیراوانی تر هیچ زانیارییەک بەردەست نییە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لانیکەم 9 بەندکراوی کوردی تۆمار کردووە، هەروەها هەر لەم مانگەدا هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کرماشان بە ناوی عەلی نەزەری بە دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیس لە شەقامێکی ئەم شارەدا کوژراوە و هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە ناوی فاروق ڕەشیدی بە دەستی چەند ئەندامێکی گرووپێکی توندئاژۆی مەزهەبی بە چەقۆ کوژراوە،هاتووەش کە لەم مانگەدا دوو سەربازی کورد لە بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسداران بە دەسڕێژی فەرماندەکانیان کوژراون.
هەر لەم مانگەدا کرێکارێکی خەڵکی ئیلام بە ناوی "حەیدەر موحسینی" لەبەر دەرکران لە کارگەی پیترۆکیمیای ئەم شارە هەوڵی خۆکوشتنی داوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، هەروەها پێنج کرێکاری دیکە بە ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە.
