سروە عەبدولواحید: لەم هەفتەیەدا یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچە رەوانەی هەرێم دەکات
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچە رەوانەی هەرێم دەکات. دەشڵێت، بانکی رەشید و رافیدەین ئەگەر لقیشیان نەبێت لەهەرێم هەر دەتوانن تەوتینی مووچە بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لەعێراق هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندن بەبڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و دەبێت هەرێم ئاسانکاری بکات بۆ بانکەکانی رافیدەین و ڕەشید لەهەرێم لقی خۆیان بکەنەوە.
ئەوەشی خستە روو، بەرێوبەری بانکی کی کارد رایگەندوە لەماوەی ٢٠ رۆژدا کارتی بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەردەکەن و بانکی رەشید و رافیدەین ئەگەر لقیشیان نەبێت لەهەرێم هەر دەتوانن تەوتینی مووچە بکەن.
باسی لەوەش کرد، لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە مووچەخۆرو هاوڵاتی ناچاربکرێت لە بانکێکی دیاریکراو هەژماری بانکی بکاتەوە، تاوەکو ئێستاش هەژماری من ناسراو نییە و هیچ لایەنێک مامەڵەی لەگەڵدا ناکات لە کاتێکدا، ٥٠٠ هەزار کەس لەهەرێم لەرێگەی بانکەکانی عێراقەوە مووچە وەردەگرن و کێشەیان نییە.
سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمڕۆ هەستم بەشەرمەزاری کرد هاوکارە عەرەبەکانم باسی خراپی دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمیان دەکرد و تێناگەم بۆچی بەرپرسانی هەرێم دەیانەوێت هەموو رۆژێک کێشەیەکی نوێ لەگەڵ بەغدا دروست بکەن."
لەبارەی سێ مووچە فەوتاوەکەی ساڵی رابردووشەوە ئەوەی خستە روو، ئەو مووچانە لەرێگەی دادگاوە لەنێوان هەرێم و بەغدادا یەکلایی دەکرێتەوە، وەکو فراکسیۆنی نەوەی نوێ نوسراویان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوەی سێ مووچەکە بدرێتەوە فەرمانبەران.
راشیگەیاند، وەی نوێ بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نییە و لە سەرجەم لایەنەکان دۆخی باشترە و ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن.
