سزای زیندانیی بەسەر هاوسەرۆکی پارتی هەدەپە سەلڵاحەدین دەمیرتاش سەپێنرا
ئەمرۆ پێنجشەممە (16ـی ئایاری 2024), دادگای ئەنقەرە لەسەر دۆسیەی ڕووداوەکانی کۆبانێ و چەند دۆسیەکی دیکەش بڕیاری سزای 28 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردنی بۆ سەلڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەرکرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمرۆ دادگای ئەنقەرە فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بە 23 ساڵ زیندانی سزادا، هەروەها ئەحمەد تورک بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادرا، گوڵتان شکاناکیش بە 12 ساڵ زیندانیکردن سزادرا، بەڵام هەریەک لە ئاڵتان تان پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و ئایهان بیلگەن سەرۆکی شارەوانی پێشووی قەرس بێ تاوان دەرچوون.
دۆسیەی کۆبانێ تایبەتە بە ڕووداوەكانی مانگی تشرینی یەکەمی 2014 دەگەڕێتەوە، كە دوای ئەوەی داعش هێرشیكردە سەر كۆبانی لە ڕۆژئاوای كوردستان، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە كوردییەكانی دیكەی باكووری كوردستان داوایان لە حكومەتی توركیا كرد ڕێگە بە ناردنی چەک و هاوكاری دیكەی سەربازی لە توركیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە ڕەتیكردەوە، کە دواتر ئەم داوایە بە تاوان ناوبرا لەلایەن حکومەت و دادگای تورکیا.
