سلێمانی بەهۆی وشکەساڵییەوە رووبەڕووی دۆخێکی نەخوازراو دەبێتەوە
قائیمقامی سلێمانی دەڵێت، رووبەڕووی دۆخێکی نەخوازراو بونەتەوە کە وشکەساڵییە، دەشڵێت، هەموو هەوڵی خۆیان بەکاردههێنن بۆئەوەی لە وەرزی هاویندا ئاوی پاک بۆ خواردنەوەو ئاودانی باخ و سەوزاییەکان دابین بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئاوات محهمهد، قائیمقامی سلێمانی بەمەبەستی خۆگونجاندن و رووبەڕوبونەوەی وشکەساڵی لە وەرزی هاویندا لەگەڵ بەڕێوەبەرو لێپرسراوی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە و رێکاری پێویست دیاریکرا بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ئاوی پێویستی خواردنەوەیان بەدەست بگات.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەیانەوێت رێگە بگرن لە بڵاوبوونەوەی پەتای سکچون و رشانەوە و ڤایرۆسی کۆلێرا.
دەشڵێت، هەماهەنگی نێوان فەرمانگەکان زیاتر دەکەن بۆ گرنگیدان بە شەمعەکانی ئاو و جیاکردنەوەی ئەوانەی کەبۆ خواردنەوە گونجاون
هەروەها، لە کۆبونەوەکەدا پێشنیارکرا لیژنەیەکی باڵای بۆ روبەروبونەوەی وشکەساڵی دروستبكرێت و بودجەیەک تایبەت بە وشکەساڵی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران تهرخان بكرێت.
هاوکات، بڕیاردرا كه هەموو ئەو بیرانە لە دەوروپشتی سلێمانی هەن و ئاوەکانیان بەکەڵکی خواردنەوە دێن چاکبکرێنەوە و هەتا کۆتایی وەرزی هاوین ئیدارە بدرێت بۆئەوەی هاوڵاتییان پەنا نەبەنە بەر ئاوی نەشیاو.
باس لەوەشکراوە، لە رێگەی شەمعەکانەوە ئاو بۆ سەوزایی و باخچە و پارکەکان دابین بکرێت و چاودێری هەموو ئەو تانکەرانە بکرێت کە ئاو دەفرۆشن بە هاوڵاتییان.
