سلێمانی لە بەرهەمهێنانی هێلکە و مریشکدا لە پێشینەی پارێزگاکانی عێراقە
ئەمڕۆ پێنجشەممە ، قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، شارەکە لە بەرهەمهێنانی هێلکەو گۆشتی سپی لە پێشینەی پارێزگاکانی عێراقە، ئاماژەی بەوەکرد 14 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکەی مریشک لە کاردان کە بەرهەمی ساڵانەیان 650 ملیۆن هێلکەیە.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریکردنی بەروبوومی ئاژەڵی و پەلەوەری کۆبووەوە و کە تێیدا باس لەوەکرا کە سلێمانی لە بەرهەمهێنانی هێلکەو گۆشتی سپی(مریشک) لە پێشینەی پارێزگاکانی عێراقە، بەجۆرێک 14 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکەی مریشک لە کاردان کە بەرهەمی ساڵانەیان 650 ملیۆن هێلکەیە، نیوەی ئەو بەرهەمە پێداویستییەکانی بازاڕی سلێمانی پڕدەکاتەوە و نیوەکەی دیکەشی دەنێردرێت بۆ بازاڕەکانی تری هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، هاوکات حەوت پرۆژەی دیکەی بەرهەمهێنانی هێلکە لە قۆناغی تەواوبووندان کە بەرهەمی هێلکە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن.
ئاماژە بەوەکرا، 12 پرۆژەی هەڵهێنانی جوجک لە سلێمانی هەیەو بەرهەمەکەیان دەنێردرێت بۆ کێڵگە پەلەوەرییەکان، بە جۆرێک لە سنووری سلێمانی 620 کێڵگەی پەلەوەری مۆڵەتپێدراو هەیە کە توانای بەرهەمهێنانیان دەگاتە 350 تۆن مریشک لە رۆژێکدا، لەو بڕەیش 150 تۆنی رۆژانە لە بازاڕەکانی سلێمانیدا ساغدەکرێتەوە، رێژەی %60ی بەرهەمەکەش دەنێردرێت بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
