سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان پێشوازى له یەشار گولەر وەزیری بەرگریى تورکیا کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان پێشوازى له یەشار گولەر وەزیری بەرگریى تورکیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بەپێی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیى دوولایەنە کرا، هەروەها جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش لەپێناو ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.
وەزیری بەرگری تورکیا، پرسە و هاوخەمی بۆ گیانلەدەستدانی قوربانییانی هێرشەکەی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
مەسرور بارزانی خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای دراوسێتیی باش و بەرژەوەندیى هاوبەش دووپات کردەوە، گوتیشی: هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئاسایش و سەقامگیری دەبێت و ڕێگەش نادات ببێتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ دراوسێکانمان.
