سودانى فەرمانی پێکهێنانی تیمێکی تەکنیکی دەکات بۆ بەدواداچوون بۆ ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکایەتی هەشتەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی کرد، کە تیایدا گرنگترین دۆسیەکانی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە گفتوگۆیان لەسەر کرا و بەدواداچوون بۆ ڕێوشوێن و ڕێنماییەکانی پێشوو کرا.
نوسینگەی راگەیاندی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:-لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی تەکنیکی لە بەڕێوەبەرانی گشتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هێڵی ئاسنین و بەندەر و ڕێگاوبان و گومرگ پێکبهێنرێت لەگەڵ ئەندامێتی نوێنەری وەزارەتی دەرەوە، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان و ئامادەکردنی پێداویستییەکان بۆ بەردەوامبوون لە دۆسیەکانی پڕۆژەکە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەسەر بەردەوامبوون لە پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتانی ئیماڕاتی عەرەبی یەکگرتوو و کۆماری تورکیا و دەوڵەتی قەتەر کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ عێراق واژۆ کرد سەبارەت بە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، لە ڕێگەی لیژنەی هەماهەنگی شارەزاوە لەگەڵ تەواوکردنی نووسینەوەی ڕەشنووسی یاسای بەندەری فاوى گەورە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کرد بەدواداچوون بکرێت بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی کە لە کۆبوونەوەکاندا جەختیان لەسەر دەکرێتەوە بە شێوەیەکی بەردەوام، هەروەها توێژینەوەیەک لەسەر شارە پیشەسازییەکان ئامادە بکرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای (ئۆلیڤەر و ئیمان) بۆ خزمەتگوزارییە ڕاوێژکارییەکان لە ڕووی گونجاوی ئابووری و زیادکردنی سوودی گشتی لە کەرتە ئابوورییە جیاوازەکان.
سودتنی پێداچوونەوەی بە ڕاپۆرتی لیژنەی یەکلایکردنەوەی ناکۆکییەکان کرد، کە بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری نووسینگەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێکهێنرا و پشتڕاستی یەکلایکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی کرد لەگەڵ وەزارەتەکان و پەسەندکردنی لەلایەن سەرجەم ئەو پارێزگایانەوە کە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان پێیدا تێدەپەڕێت.
هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی بەردەوامبوونی کارەکانی کرد لە نێوان فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەی ڕاوێژکاری یاسایی لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دانانی تێڕوانینێکی یەکخراو لە ڕوانگەی یاساییەوە کە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە ڕێکدەخات و باشترین گەڕانەوە و بژاردە ئابوورییەکان مسۆگەر دەکات.
