سودانى لە تاران لەگەڵ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کۆدەبێتەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ شاندێکی فەرمی گەیشتە تاران و لەگەڵ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سەید عەلی خامنەئیی کۆبووەوە بۆ پێشکەشکردنی پرسە و سەرەخۆشی بەبۆنەی کۆچی دوایی سەرۆک کۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و هاوڵانیان.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:- هاوخەمی و هاوسۆزی خۆی بۆ سەید عەلی خامنەئیی و حکومەت و گەلی ئێران دەربڕی بۆ ئەم ڕووداوە ئازاربەخشە و جەختی لە سەر هاودەنگی عێراق بە حکومەت و گەلەوە کردەوە لەگەڵ ئێران لەم کاتە سەختەدا.
سودانی ئاماژەی بە قووڵی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و جەختی لەبەردەوام بوونی کاراکردنەوەی ڕێککەوتنە دوو قۆڵییەکانی نێوانیان کردەوە، بەتایبەتی کە عێراق لە کۆتایی ئەم مانگەدا چاوەڕێی سەردانێکی فەرمی بەڕێز ڕەئیسی دەکرد (خوای گەورە لێی خۆشبێت)، و مردنەکەی لەدەستدانێکی گەورە بوو بۆ ناوچەکە نەک تەنها بۆ ئێران، چوونکە کۆچکردوو کەسایەتییەک بوو بە شێوەیەکی کارا و بەرپرسیارانە کاری دەکرد بۆ ئاشتی و هاریکاری نێوان هەموو وڵاتانی ناوچەکە.
سودانی ستایشی ژیاننامەی سەرۆکی کۆچکردووی کرد و ئاماژەی بە پێگە و خزمەتگوزارییە بەرچاوەکانی کرد کە پێشکەشی گەلی ئێرانی کردووە و هەوڵەکانی بۆ ئاشتی و سەقامگیری هەرێمی و نێودەوڵەتی و کارەکانی بۆ پتەوکردنی هاوبەشییە بەرهەمدارەکان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
لە لای خۆیه، سەید خامنەئی جەختی لە بەهێزی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و عێراق کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران به هه مان ڕێباز بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی و گرنگیدان بە بەرژەوەندییە دوو قۆڵییەکان و ئاماژەی بەئەوەش کرد کە کۆماری ئیسلامی بە کۆچی دوایی ڕەئیسی کەسایەتییەکی بەرچاوی لەدەستداوە، چونکە بەرپرسێکی لێهاتوو و دڵسۆز بوو لە کارەکانیدا، هەروەها پێزانینی خۆی بۆ بەڕێز سودانی و گەلی عێراق دەربڕی بۆ ئامادەبوونی بەڕێزیان بۆ پێشکەشکردنی پرسە و سەرەخۆشی و بەشداریکردنی هاوخەمی و هاوسۆزی.
