سودانى پێشوازی لەو منداڵە عێراقیانە دەکات کە پلەی پێشەنگیان بەدەستهێناوە لە پاڵەوانێتی جیهانی بۆ ژمێریاری زەینی خێرا
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازی کرد لە ژمارەیەک منداڵی عێراقی لە ناوەندی گەشەپێدانی داهێنەرانی عێراق و خێزانەکانیان و بەرپرسانی ناوەندەکە کە پلەی پێشەنگیان بەدەستهێنا لە پاڵەوانێتی جیهانی ژمێریاری زەینی خێرا کە لە 2023 لە مۆمبای بەڕێوەچوو .
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی منداڵانی عێراقی لەم کۆڕبەندە جیهانییەدا بەدەستیان هێناوە مایەی سەربەرزی و شانازییە و خاڵێکی دەستپێکە بۆ پشتگیریکردنی سەرکەوتن و وخاوەن وزە و بەهرە جیاوازەکان، جگە لەوەش بەشداریکردن لە بەرزکردنەوەی ناوی عێراق لە سەر ئاستی جیهاندا ناسنامەی نەتەوەیی بەهێز دەکات.
هەروەها سودانی ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی بەهرەکان شایەنی ستایش و پێزانینە و ئێمە باوەڕمان وایە کە ناوەندەکە لە ڕێگەی هەوڵەکانی خۆیەوە ڕێگایەکی جیاوازی بۆ خۆی داناوە لە ئاشکراکردنی ئەو بەهرە و توانایانەی کە داهێنەران لە داهاتوودا هەڵیدەگرن، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ببنە زانا و جیاواز لە ڕووی جۆراوجۆرەوە.
سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت لە پشتیوانیکردنی ئەم خاوەن بەهرانە دواناکەوێت و پێویستە لەسەرمان هەموو ئامرازەکانی هاوکاری پێشکەش بکەین و بەردەوام بین لە سەرخستن و بەردەوامکردنی ناوەندەکە، هەروەها سامانی ڕاستەقینە لە سەرمایەی مرۆیی و وەبەرهێنان لە مرۆڤدایە، چونکە ئێمە وەک سەرمایەیەکی ڕاستەقینە مامەڵە لەگەڵ بەهرەکاندا دەکەین و نەخشاندنی داهاتووی عێراق پشت بە ئەوان دەبەستێت.
سودانی باسی لەوەەش کرد کە ئێمە بەردەوام پێویستمان بە نوێکردنەوەی زیاتر هەیە لە پرۆگرامەکاندا، سەرەڕای تێبینیەکانمان لەسەر ئاستی قوتابخانەکان، بەڵام ئەوان بە متمانەوە هەنگاو دەنێن بۆ لەخۆگرتنی بەهرەکان و هەڵبژاردەیەک لە پاڵەوانان و بەهرەمەندانمان پێشکەش دەکەن کە سەرکەوتوون لە سەر ئاستی جیهاندا، ئەوان باشترین یارمەتیدەر دەبن بۆ بنیاتنانی وڵاتەکەیان.
لە کۆتایی قسەکانیدا سودانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی حکومەت تەنها پشتیوانیکردن و ڕێزلێنان نییە، بەڵکو دەبێت ئەو پێشنیارانە لەبەرچاو بگرێت کە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ئاستەکان و کاریگەری ئەو ناوەندانە بە شێوەیەک بێت ڕێگە بە وەبەرهێنانی تواناکان و بەرەوپێشبردنی ئاستی وڵات بدات.
هەروەها سەرۆک وەزیران گوێی لە منداڵە براوەکان گرت و باسیان لە ئەزموونەکەیان کرد و سوپاسی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیان کرد بۆ چاوپێکەوتنەکەی لە گەڵیاندا و پێزانینی بۆ دەستکەوتەکەیان.
