سودانى پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئێران ئەنجام دەدات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەحەمەد شەیاع سودانى، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی ئەنجامدا.
نوسينگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە :-سەرۆک وەزیران هاوخەمی عێراقی بە حکومەت و گەلەوە دەربڕی بۆ شەهیدبوونی ژەنەڕاڵ محەمەد ڕەزا زاهیدی و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە مایەی هێرشەکەی زایۆنییەکاندا، کە بینای کونسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشق کردە ئامانج و جەختیشی لەسەر ئیدانەکردنی عێراق کردەوە بۆ ئەم هێرشە دڕندانەیە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە قووڵی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد لەگەڵ گرنگی کارکردن بۆ پتەوترکردنیان بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دۆستدا بێت.
هەروەها سودانی جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامبوونی هێرشەکان بۆ سەر غەزە دەبێتە هۆی ئەوەی ناوچەکە و ئاسایشی ناوچەکە بەرەو دۆخێکی مەترسیدار بڕوات و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی گەلی فەڵەستین و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ململانێکان لە ناوچەکەدا بگرێتە ئەستۆ.
