سودانی: ئەرکی ئێستای تیپی تۆپی پێ ئەرکێکی نیشتمانییە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی جەختیکردەوە کەئەرکی ئێستای تیپی تۆپی پێ ئەرکێکی نیشتمانییە و پەیوەندی بە حەز و ئارەزووی دامەزراوەیەک یان کەسێکەوە نییە
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کەئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە تیایدا هاتووە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ شەممە پێشوازی کرد لە سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق عەدنان دەرجال و ئەندامانی نووسینگەی جێبەجێکاری یەکێتیی تۆپی پێی عێراق.
سودانی جەختی کردەوە لەسەر گرنگی دان و ئاراستەکردنی هەوڵەکان بەرەو هەڵبژاردەی تۆپی پێی نیشتمانی بەمەبەستی سەرکەوتن بۆ جامی جیهانی 2026 و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت بەسەر هەموو ناکۆکییەکاندا زاڵ ببن، چونکە ئەگەر ئەمە شکستی هێنا، ئەوە هەمووان سەرزەنشت دەکرێن.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەشی ڕوونکردەوە، کە ئەرکی ئێستای تیپی تۆپی پێ ئەرکێکی نیشتمانییە و پەیوەندی بە حەز و ئارەزووی دامەزراوەیەک یان کەسێکەوە نییە، و جەختی لەوە کردەوە کە پشتیوانی حکومەت لە بەرپرسیارێتییەکی گەورەی نیشتمانییەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە کاتێک کەموکوڕییەک یان هەڵەیەک دەدۆزێتەوە کار بۆ چارەسەرکردنی دەکات و جەخت لەسەر پێویستی دووبارەنەکردنەوەی دەکاتەوە.
لە لای خۆیەوە سەرۆک و ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی، سوپاسی سودانی"ـیان کرد بۆ بایەخدانی بەکارەکانی یەکێتی تۆپی پێی، و جەختیان لەسەر هاودەنگی خۆیان کردەوە لەم قۆناغە گرنگەی پاڵاوتنەکاندا، و ئاماژەیان بەپێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن کرد لەگەڵ ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانی، و دەستی بەکارەکانی کردووە بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی سەرکەوتن بۆ یاری کۆتایی جامی جیهانی.
