سودانی داوا لە ڕۆژنامەنوسان دەکات شانبەشانی دەسەڵاتی چاودێری دەستوری ئەرکەکانی خۆیان ڕاپەڕێنن
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، پێشوازی کرد لە نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق موئەیەد عەزیز ئەللامی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکاکە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە سودانی گوێی لە پێشکەشکردنێک گرت سەبارەت بە بارودۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری و میدیایی لە عێراق و جەختی لە بەرنامەی حکومەت کردەوە بۆ پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین بە گوێرەی ئاڕاستەکانی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان.
هەروەها سودانی داوای لە ڕۆژنامەنوسان کرد شانبەشانی دەسەڵاتی چاودێری دەستوری ئەرکەکانی خۆیان ڕاپەڕێنن و ڕاستییەکان بۆ هاوڵاتیان ڕوون بکەنەوە و بەگوێرەی پیشەیی و بابەتی میدیا کاربکەن بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەت و دەزگاکانی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بەدیهێنانی گەشەپێدانی گشتگیر و چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییە ئابوورییەکان.
