سودانی داوای لابردنی ئاستەنگەکان وخێراتر جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی پڕۆژەی شاری سەدری نوێ دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات ئاستەنگەکان تێپەڕێنن و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی شاری سەدری نوێ خێراتر بکەن.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئاسایی لیژنەی باڵای پڕۆژەی شاری سەدری نوێی کرد، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی نیشتمانی بۆ وەبەرهێنان و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمینداری بەغداد و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و نوێنەری دەستە جێبەجێکارییەکانی پڕۆژەکە.
وتیشی لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دۆخی ئێستای ژێرخانی پڕۆژەکە کرا، کە ڕەوانەی کۆمپانیا چینیەکە کراوە لەگەڵ کارە دیزاینکراوەکانی پەیوەست پێوە و پڕۆژەکانی دیکەی پەیوەست بە وەبەرهێنان لە وێستگەی کارەبا و سیستەمی ئاوەڕۆ، هەروەها باس لە فراوانکردنی هێڵی هاوتەریب بۆ شورتە و کارەکانی تاقیکردنەوەی خاکی شوێنەکە و دیارترین ئاستەنگەکانی شوێنی کارکردن و ڕێکارەکانی پێکهێنانی بەشی ئەندازیاری نیشتەجێی پڕۆژەکە کرا.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر گرنگی پڕۆژەکە بۆ خەڵکی شاری سەدر و بە گشتی شاری بەغداد، بەو پێیەی نوێنەرایەتی بازدانێکی چۆنایەتی دەکات لە بواری گەشەپێدانی شارەکان و خزمەتگوزارییە یەکگرتووەکاندا و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد هەموو هەوڵەکانیان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و خێراکردنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە بخەنەگەڕ.
سودانی فەرمانی بەردەوامبوونی کۆبوونەوە مانگانەی لیژنەی باڵا بە سەرۆکایەتی خۆی کرد، بۆ بەدواداچوون بۆ ڕێکارەکانی پڕۆژەکە و ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هەفتانە لە ئەمیندارییەتی بەغداد، هەروەها فەرمانی کرد بەردەوام بن لە پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری چینی و بەردەوامبوونی کۆبوونەوە لەگەڵ هاوڵاتیان و دانیشتوانی دیکەی ئەو زەویانەی کە بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراون.
