سودانی سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به خشته‌كانی یاسای بودجه‌ی 2024 ده‌كات
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی كرد بۆ تاوتوێكردنی خشته‌كانی بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2024 و رایگه‌یاند، پێویسته گرنگی به‌و پرۆژانه بدرێت كه كه نزیكن له ته‌واوبون، ه‌گه‌ڵ ئه‌و پڕۆژانه‌ی ژێرخانی ئابوریان هه‌یه.
نوسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاویكرده‌وه، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی كرد، بۆ تاوتوێكردنی خشته‌كانی بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2024، و خستنه‌ڕوی كارهلهپێشینهكان له به‌شه‌كانی یاساكه به‌تایبه‌ت له‌ڕوی خه‌رجیه‌كان و پشتگیریكردنی خزمه‌تگوزاری، پڕۆژه ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، پڕۆژه ستراتیژییه‌كان، له چوارچێوه‌ی بودجه‌ی سێ ساڵی (2023، 2024، 2025)دا.
محه‌مه‌د شیاع سودانی ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، "پێویسته گرنگی به‌و پرۆژانه بدرێت كه كه نزیكن له ته‌واوبون، له‌گه‌ڵ ئه‌و پڕۆژانه‌ی ژێرخانی ئابوریان هه‌یه، جگه له‌و پڕۆژانه‌ی كه زۆرترین ژماره‌ی هه‌لیكار ده‌ڕه‌خسێنن، هه‌روه‌ها پرۆژه‌كانی بواری خزمه‌تگوزاری، ته‌ندروستی و پێداویستییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه له پێش پێداویستییه گشتیه‌كانی دیكه‌وه‌ن".
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختیشیكرده‌وه، "ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی له جێبه‌جێكردنی بودجه‌ی 2023دا به‌دی ده‌كرێت، ده‌بێت وه‌به‌رهێنانی تێدا بكرێت له ته‌واوكردنی ئه‌و پڕۆژه ئابوریانه‌ی كه ماون، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به لایه‌نه‌كانی چاكسازی ئابوری، وه‌به‌رهێنان، بنیاتنانی ژێرخانی بواره‌كانی گواستنه‌وه، ته‌ندروستی، خزمه‌تگوزاری شاره‌وانی، و پاڵپشتیكردن و به‌رنامه كشتوكاڵی و پیشه‌سازییه به‌رهه‌مداره‌كان".
له‌ڕوی گه‌شه‌پێدانی هه‌مه‌لایه‌نه و لامه‌ركه‌زی ئیداریدا، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختی له "گرنگی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و پڕۆژانه كرده‌وه كه له‌پێشینه‌یان هه‌یه له ته‌رخانكردنه‌كان بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، به‌جۆرێك ڕێگه به به‌ده‌ستهێنانی به‌رزترین داهات ده‌دات، له‌سه‌ر ئاستی دامه‌زراندن و گه‌شه‌پێدان و جێبه‌جێكردنی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ سه‌رجه‌م هاوڵاتیان له سه‌رتاسه‌ری عێراق".
