سودانی سەردانەکەی گۆتێرێش بۆ بەغدا بەرز دەنرخێنێت و ستایشی پشتیوانییەکانی بۆ دۆزی فەڵەستین دەکات
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، ستایشی سەردانەکەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ بەغدا و ئامادەبوونی لە لوتکەی عەرەبی کرد. گۆتێرێشیش دووپاتی کردەوە کە ئاڕاستەی سەرجەم دەزگا گەورەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە بۆ ئەوەی پاڵپشتی تەواوی حکومەتی عێراق بکەن.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازی کرد لە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش و تێیدا گرنگترین پرس و دۆسیەکانی هاوکاری نێوان عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێکرا.
وتیشی سودانی سەردانەکەی بۆ بەغداد و ئامادەبوونی لە لووتکەی عەرەبی بەرزنرخاند و ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕوون و بەهێزی کرد لە بەرگریکردن لە مافەکانی گەلان بەتایبەتی پرسی گەلی فەڵەستین.
سودانی جەختی لەسەر پەرەپێدانی بەرنامە و پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕێگەی دەزگا سەرەکییەکانی کردەوە، و گەیشتنیان بە قۆناغی جیاجیا لەبوارە جیاجیاکاندا و ئاماژەی بەبەردەوامی هاوکارییەکان کرد، لەپێناو بەردەوامبوون لەبەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان.
لە لای خۆیەوە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی ئاستی ڕێکخستنی لووتکەی عەرەبی لە بەغداد و ئەو پێشکەوتن و گەشەسەندنەی کرد، کە پایتەخت لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەئاستی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و ژێرخانی ئابووریدا بەخۆیەوە بینیویەتی و جەختی لەسەر بەردەوامی پشتیوانی پێگەی عەرەبی و ناوچەیی عێراق و ڕۆڵی لەدامەزراندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرجەم دەزگا سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی هەموو پشتیوانییەک پێشکەش بە حکومەتی عێراق بکەن لەڕووی پلانەکانی گەشەپێدان و ڕێڕەوەکانی بەرەو بەهێزکردنی هەموو ئەوانەی کە پاڵپشتی لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەکات.
