سودانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەک دەکات سەبارەت بە پڕۆژەی هێڵی بەستنەوەی ئاسنینی بەسرە-شەلامچە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی ،ئەمڕۆ پێنجشەممە ،سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد سەبارەت بە پڕۆژەی هێڵی بەستنەوەی ئاسنینی بەسرە-شەلامچە بۆ گواستنەوەی گەشتیاران و زیارەتکاران، کە بەردی بناغەی لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا دانرا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە"لە میانەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو ڕێوشوێنانە کرا کە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە گیراونەتەبەر و سروشتی کاری بەڕێوەبردنی پەیوەست پێوە دیاریکرا".
ئاماژەی بەوەکرد"سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ئەم پڕۆژەیە چونکە یارمەتیدەر دەبێت لە ئاسانکردنی ڕێوشوێنەکانی گواستنەوەی زیارەت کاران لە وەرزەکانی زیارەتدا کە عێراق بە خۆیەوە دەیبینێت، جگە لە گرنگییەکەی بۆ گەشتیارانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێگاکانی تری گواستنەوە".
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران داوای بانگهێشتکردنی ڕاستەوخۆی ئەو کۆمپانیانەی کرد کە تایبەتن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و چارەسەرکردنی پرسی توێژینەوەی ژینگەیی، جگە لە بەدواداچوون بۆ ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە تەواوکردنی بەناوکردنی ئەو زەوییانەی کە ڕێڕەوی پڕۆژەکەی لەسەرە.
هەروەها فەرمانی کرد بە پێویستی پابەندبوون بە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەوە و دوا نەکەون لە جێبەجێکردنی تەواوکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە کە خزمەتی هاوڵاتیان و سەردانیکەرانی عێراق و وڵاتانی دیکە دەکات.
