سودانی فەرمانی کرد بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە پاش ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی حەمدانییە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، مەحەممەد شەیاع سودانى، فەرمانی کرد بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە لە پاش ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی قەزای حەمدانییە لە دەشتی نەینەوا، کە بووە هۆی دەیان قوربانی.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، مەحەممەد شەیاع سودانى، فەرمانی بە هەموو وەزارەتەکان و پارێزگاکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت کرد کە ژمارەیەک ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر ئەویش لە پاش ڕووداوێکی نەخوازراوی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە هۆڵەکانی هاوسەرگیری لە قەزای حەمدانییە (بەغدیدە) لە پارێزگای نەینەوا.
سودانی فەرمانی بەم خاڵانە کرد: 1- ئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە بۆ بەهاناوەچوونی دەستبەجێی بریندارەکان و سەرپەرشتی کردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن و پێشکەش کردنی یارمەتی، 2- لایەنە تەندروستییە لێهاتووەکان چارەسەری بریندارەکان بگرنە ئەستۆ و زۆرترین حاڵەتی چاودێری دابین بکەن، بەپێی پێداویستییەکانی حاڵەتەکان بۆ چارەسەر کردن لەناووە یان دەرەوەی عێراق، 3- پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ و ئاشکراکردنی چۆنییەتی ڕوودانی ڕووداوەکە و دیاریکردنی هۆکارەکان و ئاشکراکردنی کەموکوڕییەکان، 4- لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵسن بە ئامادەکردنی لیستێکی ورد بە ناوی قوربانیانی ڕووداوەکە و خێزانەکانیان، بۆ دڵنیابوون لە مافە یاساییەکانیان و قەرەبووکردنەوەی داراییان، 5- ڕاگەیاندنی پرسەی گشتی لە هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، وەک هاوخەمییەک بۆ قوربانییەکان و خێزانەکانیان، 6- هەموو وەزارەت و پارێزگاکان بەردەوام بن لە ئەنجامدانی پشکنینی باڵەخانەکان و دڵنیابوون لە ڕێوشوێنەکانی سەلامەتی و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان بەرپرسیار دەبن لە هەر کەموکوڕییەک، 7- بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە هەموو لقەکانی لە پارێزگاکان بەردەوام بێت لە دووپاتکردنەوەی ڕێکارەکانی پێشووی پشکنینی مەیدانی و سەلامەتی پێکهاتەکان و دوو هێندەکردنی هەوڵەکانی پشکنینی بەردەوام بۆ باڵەخانە گەورەکان و مۆڵەکان و چێشتخانەکان و هۆڵەکانی بۆنە و هۆتێلەکان و دڵنیابوون لە بەردەستبوونی ڕێوشوێنەکانی سەلامەتی تێیاندا و دیاریکردنی مەترسییەکان و فەرمان کردن بە چارەسەرکردنیان و وە دەستنیشانکردنی بینا سەرپێچیکارەکان.
