سودانی فەرمانی کەمکردنەوەی نرخی کاڵا و خۆراکی سەرەتایی لە ناوەندەکانی (هاوکاری هایپەرمارکێت) کرد
سەرۆک وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە ناوەندی بازاڕی (هاوکاری هایپەرمارکێت)ی لە بەیاع کردەوە بۆ فرۆشتنی خۆراک و کەلوپەل بە نرخی یارمەتیدەر لە بەغداد، هەروەها لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە 5 ناوەندی دیکەی بازاڕکردن لە ناوچەکانی حوڕیە و ساڵحییە و شەعب و شەقامی فەلەستین و جەمیلە کردەوە، هەروەها سودانی 23 پڕۆژەی هاوشێوەی لە بەغداد و پارێزگاکان دەستپێکرد.
نوسينگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:- سودانی بەشەکانی هاوکاری (هایپەرمارکێتی بەیاعى) بەسەرکردەوە و لەگەڵ کارمەندەکانی کۆبووەوە و ئاماژەی بە پرسی پاراستنی کۆمەڵایەتی و گرتنەخۆی سەرجەم کارمەندانی کەرتی تایبەتی کرد، و ئەو بەشەی کە بەرهەمی خۆماڵی تێدا دەفرۆشرێت بەسەر کردەوە و هەموو ئەو هەوڵانەی بەرزنرخاند کە یارمەتیدەرن بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆژە گرنگە ئابوورییە و جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەتی بازرگانی پلانەکەی جێبەجێ بکات و ئامانجی کردنەوەی 150 ناوەندی هاوشێوەیە لە هەموو پارێزگاکان، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاراستە دەکرێن بۆ بەخشینی ئیمتیازات بە سوودمەندانی پاراستنی کۆمەڵایەتی، لەڕێگەی دانانی ڕێژەیەکی دیاریکراو بۆ کەمکردنەوەی کەلوپەلی سەرەتایی و خۆراک بۆیان لەو ناوەندانە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەشی ڕوونکردەوە کە بیرۆکەی ئەم پڕۆژەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە ئەنجامی دۆخی جیهانی و جەنگ کە بەشێوەیەکی ڕوون ڕەنگدانەوەی لەسەر بازاڕە ناوخۆییەکانماندا دروست کردووە و ئاماژەی بەوەدا کە لەو کاتەدا حکومەت دەستێوەردانی کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان و دڵنیابوون لەوەی کە خۆراکی سەرەتایی دەگاتە هاووڵاتیان.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆڵی وەزارەتی بازرگانی تەنیا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نییە، بەڵکو هاندانی پیشەسازی نیشتمانی لەخۆدەگرێت لەڕێگەی دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆییەوە و ئەوەشی ڕوونکردەوە کە عێراق ساڵانە کاڵا و بەرهەم بە بەهای 70 ملیار دۆلار هاوردە دەکات، ئەمەش پێویستی بە هەڵوێست و پێداچوونەوەیە، چونکە وەزارەتی بازرگانی بەشێکە لەو هەوڵانەی کار دەکەن بۆ ڕەخساندنی ڕێگە بۆ کەرتی تایبەت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هاوردەیەی کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی دراوی بیانی.
