سودانی لە لەندەن پێشوازی لە شاندێکی کۆمپانیای بی ئەی ئی سیستەمز دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە شوێنی مانەوەی خۆی لە لەندەن پێشوازی کرد لە شاندێک، بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە چارلز وودبێرن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە دیدارەکەدا سروشتی کارەکانی کۆمپانیاکە کە تایبەتە بە هەموو جۆرە پیشەسازییەکی سەربازی و بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای ئاسایشی ئەلیکترۆنی و سیستەمی ئەلیکترۆنی تاوتوێکرا، بەتایبەتی کە حکومەت ئارەزووی پڕچەککردنی هێزە ئەمنییەکانی هەیە، بە نوێترین چەک و لە بنەچەی جۆراوجۆرەکان.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا تاوتوێی لایەنە ئەگەرییەکانی هاوکاری لەگەڵ عێراق کرا، بەڕێزیان پێشوازی کرد لە پێشنیارەکەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، بۆ کردنەوەی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی چەک بەهاوکاری لەگەڵ دەستەی پیشەسازی سەربازی لەعیراق، هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەبواری ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا، بەتایبەتی کە یاسای دەستەکە یارمەتیدەرە بۆ دامەزراندنی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییە تایبەتمەندەکان و فراوانکردنی هاوکاری تەکنەلۆژیا لەگەڵیاندا.
