سودانی لەبانگەوازێکدا بۆ عێراقییەکان: بەشداری بکەن لە داڕشتنی ئایندە لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆك ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، وتارێكی ئاراستەی گەلی عێراق كرد و تێیدا داوای بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكە كرد.
سەرۆك وەزیران لە وتارێكی تەلەفزیۆنی كە موتەڵع بەدواداچووی بۆ كردووە، رایگەیاند: حكومەت لە ماوەی مانگەكانی ڕابردوودا كاری لەسەر تەواوكردنی سەرجەم پێداویستییەكان كردووە بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لەكاتی خۆیدا و بە ئامادەیی تەواو لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق، و بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ هاوكاریمان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كردووە.
وتیشی: هەموو پێداویستییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنمان دابینكردووە، لە چوارچێوەی ئەركمان كە بە پیشەییبوونێكی بەرز و بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی دڵسۆزانە ئەنجامدرا، دوای ئەوەی پێشتر لە چوارچێوەی پابەندبوونمان بە بەرنامەی حكومەت، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانمان دوای دە ساڵ لە دوایین هەڵبژاردن ئەنجامدا، و بە تایبەتی لە كەركوك كە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵی 2005 تێیدا بەڕێوەچوو، هەروەها هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشدا: ئەم هەڵبژاردنانە موڵكی گەلن و دەنگتان بناغەی پرۆسەی دیموكراسییە و ئێوە خاوەنی بڕیارن، بۆیە داواتان لێدەكەین هەمووتان مافەكانتان بە ئازادی و بە ئاگایی و بە بەرپرسیارێتییەوە بەكاربهێنن.
سەرۆك وەزیران داوای لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق كرد كە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بكەن و وتی: چونكە ئێمە پێمان وایە دەنگەكانتان ئەمانەتێكە و بەرپرسیارێتی و بەهایەكی بەرزە، دەنگتان دەنگی داهاتووە، بۆیە داهاتووتان بە ئازادی و بەبێ زۆر و فشار هەڵبژێرن، چونكە جیهان بە گشتی ئەمڕۆ چاوەڕێی بەرهەمی ئەزموونی دیموكراسییە، بۆیە بەشداریكردنتان پەیامێكی ڕوون دەبێت دەربارەی عێراقی نوێ كە تێیدا رۆڵەكانی بە پێداگری بەردەوامن لە گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات، لە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە.
