سودانی و بن سەلمان تاوتوێی پتەوکردنی هاریکاری و ئەمنی هەرێمایەتی دەکەن
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، لە دۆحە لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبووەوە
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە، لە دۆحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ شازادەی جێنشینی شانشینی سعودیە بەڕێز محەمەد بن سەلمان ئال سعود کۆبووەوە، ئەمەش لە پەراوێزی لوتکەی نائاسایی عەرەبی ئیسلامیدا.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا هەردوو وڵات ئیرادەی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بە هەماهەنگی و ڕاوێژ لەگەڵ وڵاتانی تری برا و دۆستدا بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەنجامەکانی لوتکەی عەرەبی لە بەغداد و لوتکەی بە پەلەی عەرەبی ئیسلامی لە دۆحە دووپات کردەوە، هەروەها پاڵپشتیکردنی سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە و پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریان.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشە ناوچەییەکان و پێشخستنی هاوبەشی دوولایەنە بەرەو ئاسۆی فراوانتر و بەردەوامتر لە هەموو بوارەکاندا کرا، جگە لە خستنەڕووی پرسەکانی هاوکاری هاوبەش و پەرەپێدانی، بەشێوەک لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی برادا بێت.
