سودانی پاڵپشتی بڕیارەکەی بزووتنەوەی حەماس دەکەین لەبارەی ئاگربەستەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێگەیشت لە سەرۆکی نووسینگەی سیاسی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینەوە، ئیسماعیل هەنیە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە:- سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی جەختی لەوە کردەوە ئەو بڕیارەی کە حەماس پەسەندی کردووە بۆ ئاگربەست بڕیارێکی بەرپرسیارانەیە و لە پێزانینی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی فەلەستینەوە سەرچاوە دەگرێت و ئاماژەی بە پشتیوانی کردنی عێراق کرد بۆ ئەم هەنگاوە کە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی مەینەتییەکانی گەلی فەڵەستین، هەروەها نوێنەرایەتی وەڵامدانەوەیەک دەکات بۆ هەوڵەکانی برایانی عەرەب بۆ کۆتایی هێنان بە مەینەتییەکانی گەلی فەڵەستین.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێک بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەزە و وڵاتە زلهێزەکان بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنە ئەستۆ لە ڕێگەگرتن لە بەردەوامبوونی هێرشەکان، بەتایبەتی لەگەڵ پێداگریی هێزە داگیرکەرەکان لەسەر هێرشکردنە سەر دەروازەی ڕەفەح و دەبێتە هۆی کارەساتێکی مرۆیی و بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی تاوانی قێزەون دژی هاوڵاتیانی سڤیل.
لە لای خۆیه، هەنیە لە میانەی پەیوەندییە تەلفونییەکەدا، ڕوونکردنەوەیەکی وردی خستەڕوو دەربارەی بڕیارەکەی حەماس بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەست بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەزە و وەڵامدانەوەی هەوڵە عەرەبییەکان، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئەو پشتیوانییەی کە لەلایەن حکومەت و گەلی عێراقەوە پێشکەش کراوە، جا چ لە ڕووی هەڵوێستی سیاسییەوە بێت یاخود لە ڕێگەی ناردنی یارمەتی مرۆیی بەپەلەەوە بێت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە لە غەزە گەمارۆ دراون.
