سودانی پڕۆژەی نوێ لە بواری وزەی نوێبووەوە ڕادەگەیەنێت
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە وزەی خۆر بژاردەیەکی سەرەکییە و پڕۆژەی نوێ لە بواری وزەی نوێبووەوە ڕادەگەیەنێت
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی بەڕێز وەزیری کارەبا لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی وێستگەی کەربەلا بۆ وزەی خۆری کردەوە، کە یەکەمین پڕۆژەیە لەو جۆرە لە عێراق.
سودانی ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا و حکومەتی خۆجێی کەربەلای کرد بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، هەروەها سوپاسی پارێزگاری کەربەلای کرد بۆ پەرۆشی و گرنگیدان و هاوکاری لەگەڵ وەزارەت و کەرتە خزمەتگوزارییە جیاوازەکان، و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمڕۆ پارێزگای کەربەلا دەروازەی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆژەکانی وزەی خۆر بژاردەیەکی سەرەکین بۆ قۆناغەکانی ئێستا و داهاتوو و زۆر گرنگە ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە پلانیان بۆ دانراوە بۆ دابەشکردن لەنێوان کارمەندانی پەروەردە و پڕۆژەکانی دیکەی نیشتەجێبوون وزەی خۆریان بۆ دابین بکرێت، هەروەها ئاماژەی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی کردەیی کرد، سەرەتا بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی کە لە ئێستادا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە، بەو پێیەی یەکەم کۆمپانیایە کە کارەبای خۆر بەرهەم دەهێنێت و بخرێتە ناو تۆڕی نیشتمانییەوە.
سودانی ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بۆ یەکەم جارە عێراق بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە وێستگەی خۆرەوە بەخۆوە دەبینێت و لە ئێستادا (22) مێگاوات بەرهەم دەهێنێت و لە ماوەی دوو مانگدا دەگاتە (75) مێگاوات و وەزارەتی کارەبا لەسەر ستراتیژییەکانی پڕۆژەکانی وزەی خۆر بەردەوامە، بەم نزیکانەش پڕۆژەی نوێ لە بواری وزەی نوێبووەوە و پاک و بەردەوامدا ڕووناکی بەخۆیەوە دەبینێت و جەختی لە گرنگی دڵنیابوون لە هاوئاهەنگی لەگەڵ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و پاراستنی ژینگە کردەوە، کە کاریگەری نەرێنی بەخۆیەوە دەبینێت بەهۆی ئەو پڕۆژانەی کە پشت بە شێوازی بەرهەمهێنانی کۆنەوە دەبەستێت.
